Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک‎ لەگەڵ شاندێکی سەربازیی فەرەنسی کۆبووەوە

2022-09-13T13:06:58.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٩/١٣، به‌ڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سه‌رۆکی ‏هه‌رێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ ڕۆنان، فەرماندەی سەربازیی هێزی تایبەتیی فەڕەنسا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوه‌یەکدا پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کورستان، ‏دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، جموجۆڵی تیرۆریستان و مەترسییەکانیان بۆ سەر ناوچەکە، بەردەوامیی پەیوەندییەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هاریکاریی و یارمەتییە سەربازییەکانی فەڕەنسا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک، ستایشی پاڵپشتی و هاریكارییە‌ سه‌ربازییه‌کانی فەڕەنسای بۆ پێشمەرگە کرد و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، دواتر دوایین جمووجۆڵەکانی ‏داعش و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەیان خستە ڕوو و تیشکی خستە سەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و گفتووگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی بە باشترین چارەسەر بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستوویەی کە هەیە، زانی.

لای خۆیانەوە شاندی میوان، بەردەوامیی ‏پاڵپشتیی وڵاتەکەیان بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە لەپێناو بەرەوپێشچوون و پاراستنی دۆخی ئەمنی و هێنانەکایەی سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەکە، هەروەها جەختیان لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بەمەبەستی کێوماڵکردنی ئەو شوێنانەی کە داعش خۆی تێدا حەشار داوە و بۆتە سەرچاوەی هێرشە تیرۆریستییەکانیان و تێکدانی ئارامیی ناوچەکە.