ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٧/٣١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ پیێر، فەرماندەی سەربازیی هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا له هاوپەیمانیی نێودهوڵهتيى دژى داعش و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە، بەردەوامبوونی هاریکارییە سەربازییەکانی فەرەنسا بۆ پێشمەرگە، یەکڕیزی و یەکگرتووییی نێوان لایەنە سیاسییەکان، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاس و ستایشی فەرەنسای کرد بۆ پشتگیریکردن و هاریکارییە بەردەوامەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، پاشان ڕۆڵ و کاریگەریی سەربازیی هێزی تایبەتیی فەرەنسای لە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لە یەکڕیزی و یەکگرتووییی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە و خێراکردنی میکانیزمەکانی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی بە گرنگ زانی، لەپێناو دروستبوونی هێزێکی نیشتمانی.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان جەختیان لە هەماهەنگی و برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، بەتایبەتی لە بواری هاریکارییە سەربازییەکان و کردنەوەی خولی ڕاهێنان و مەشقی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە.