ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤/٢/٢٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان بنیامین هانا، جێگری کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و کۆڵۆنێڵ هامپ، فەرماندەی سەربازیی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش و بنبڕکردنی بیری توندڕەوی و تیرۆر، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و هەماهەنگی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە و ڕۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، دواتر تیشکی خستە سەر کێشەکانی هەولێر - بەغدا و هیوای خواست گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان کلیلی چارەسەر بن بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و ڕێککەوتنەکانی هەولێر ـ بەغدا.
لای خۆیانەوە شاندی میوان بەردەوامی و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە، هەروەها ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان لە دەستپێشخەرییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەرز نرخاند.