ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٠ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە کۆلۆنێڵ ئالێکساندەر شتومەر، کۆمانداری هێزی ئهڵمانى له هاوپەیمانیی نێودهوڵهتيى دژى داعش و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، جموجۆڵ و مەترسییەکانی داعش، بەردەوامیی هاریکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیادا لە ناوچەکە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ پشتگیریکردنی عیراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و دووپاتی کردەوە کە هێشتا عیراق و ناوچەکە پێویستييان بەردەوامیی پشتگیری و هاریکارییە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە.
شاندی میوان جهختیان له بەردەوامیی هاریکارییە سەربازی و لۆجستییەکانی وڵاتهكهیان بۆ پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە، لهمبارهیهوه جهختيان له گرنگيى خێراکردنی پرۆسەی چاکسازییان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردهوه.