ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١١/١٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە کۆلۆنێڵ ئایکۆ، فەرماندەی هێزی ئهڵمانى له هاوپەیمانیی نێودهوڵهتيى دژى داعش و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری، بەردەوامیی هاریکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە، یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک تیشکی خستە سەر دوایین بارودۆخی ئەمنیی و سەقامگیری و پاراستنی ناوچەکە، هەروەها سوپاس و ستایشی ئەڵمانیای کرد بۆ پشتگیری و هاریکارییە بەردەوامەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، جەختی لە گرنگی و بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە پێناو بنەبڕکردنی تیرۆر بە هەماهەنگیی سوپای عێراق و پێشمەرگە کردەوە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدا دروست بووە.
شاندی میوان جهختیان له بەردەوامیی هاریکارییە سەربازی و لۆجیستییەکانی وڵاتهكهیان بۆ پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە، دواتر تیشکیان خستە سەر گرنگيى خێراکردنی پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، هەروەها یەکڕیزیی لایەنە سیاسیەکانیشیان بە گرنگ زانی لە پێناو چارەسەری کێشەکان و بەرقەرار بوونی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.