ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٣/٢٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بهڕێز کۆڵۆنێڵ دی میکێلی، فەرماندەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی، سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ههرێمی كوردستانی کردبوو.
لە دیدارێكدا بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی ئەرک و کارەکانی کۆڵۆنێڵ دی میکێلی لە ماوەی كاركردنیدا لە هەرێمی كوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست، هەروەها پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ نیکۆلایی، وەک فەرماندەی نوێی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان کرد، هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ستایشی هاریکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ پێشمەرگە كرد.
شاندی میوان سوپاسی پاڵپشتی و هاوكاریی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد و جەختیان لە مەشق و ڕاهێنانەکانیان بۆ پێشمەرگە و بەردەوامیی پەیوەندییەكانی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، کردەوە.