ئەمڕۆ شهممه ٢٠٢٣/٩/٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی له بەڕێز کۆلۆنێل دێرک بۆلینگەر و شاندێکی یاوەری لە تیمی سەربازیی ئەڵمانیا له هاوپهيمانيى نێودهوڵهتيى دژى داعش کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی ئاسایش، بەردەوامیی هاریکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە، یەکڕیزی و یەکگرتووییی لایەنە سیاسییەکان و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ پشتگیریکردن و هاریکارییە بەردەوامەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها جەختی لە گرنگی و بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان کردەوە لەپێناو نەمانی یەکجارەکیی تیرۆریستان و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، پاشان تیشکی خستە سەر پێویستیی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و دوایین پێشهاتەکان و دۆخی ئەمنی و سیاسیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانیش گفتوگۆی لەسەر ئاستێکی باڵای دەوڵەت بە گرنگ زانی.
شاندی میوان دووپاتیان له بەردەوامیی هاریکارییە سەربازی و لۆجستییەکانی وڵاتهكهیان بۆ پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها یەکڕیزی و یەکگرتووییی لایەنە سیاسیەکانیشیان بە گرنگ زانی لەپێناو چارەسەری کێشەکان و بەرقەراربوونی سەقامگیریی ناوچەکە.