ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٤/١/١٤، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ هامپ، فەرماندە لە هێزەکانی ئەڵمانیا له چوارچێوهى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتيدا و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، یارمەتییە سەربازییەکان بۆ پێشمهرگه، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، دۆخی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بەڕێز جێگری سەرۆک بوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش له ناوچهكه بە گرنگ زانی و جەختی لە پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتییهکان کردەوە، ههروهها گفتوگۆکانی ههولێر ـ بهغدای بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و دەستوورییەکان بە پێویست لە قەڵەمدا و تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.
لای خۆیەوە شاندی میوان بەردەوامیی یارمەتی و هاریکاریی هاوبەشى لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش دووپات کردەوە و هیوایان خواست ناوچەکە سەقامگیری و ئارامیی زیاتر بەخۆیەوه ببینێت.