ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٥/١٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بهڕێز کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤیسکی، فەرماندەی هێزی سەربازیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز جێگری سەرۆک، وێڕای بەخێرهاتن پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤیسکی، وەک فەرماندەی نوێی هێزەكانی ئەڵمانیا کرد، پاشان ڕۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ستایشی هاریکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ پێشمەرگە كرد.
لای خۆیانەوە شاندی میوان پاڵپشتیی خۆیان لە بەردەوامیی یارمەتییەکان و هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش دووپات کردەوە و هیوایان خواست ناوچەکە سەقامگیری و ئارامیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.