Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێكی سەربازیی ئەمه‌ریکی کۆبووەوە

2022-09-19T11:40:06.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٩/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ سانبۆرن، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ئەمەریكا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق، یارمەتییە سەربازییەكانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە، شەڕی دژ بە تیرۆر و مەترسییەکانی داعش، هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.

بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی ئەمه‌ریکای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعشدا لە ناوچەکە بەرز نرخاند و جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە لەپێناو پاراستن و سەقامگیریی ئاراميدا بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆشایيی ئەمنيیان هەیە. سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بەڕێزیان تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەکە.

شاندی میوان جەختیان لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بایەخدانیان بە پەیوەندییەکانیان کردەوە، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە هێزەکانیان لە پاڵپشتی و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەڕوانن لەپێناو بەرقەراربوونی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و بەهێزیی هەرێمی کوردستاندا.