ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٩/٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جەنەراڵ مایک ئیکەر، بەرپرسی نوێی گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەڵەتیی دژ بە داعش و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک وێڕای بەخێرهاتنیان، پیرۆزبایی لە جەنەراڵ مایکل ئیکەر کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییهوه وەک بەرپرسی گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرخستنی ئەركەكانی دووپات کردەوە.
بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاس و ستایشی هێزەکانی ئەمهریکای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا کرد، هەروەها جەختی لە یەکگرتوویی و یەکڕیزيى نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستا. سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی پرۆسەکە، چونکە بارودۆخی ناوچەکە لە هەرێمی كوردستان دەخوازێت خاوەن هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی بێت.
شاندی میوان جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندیی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە هێزەکانیان لە پاڵپشتی و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان ڕوانی.