2022-06-19T13:11:03.000000Z
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٦/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئەدمیراڵ پاولۆ بێزۆتی، فەرماندەی گشتیی هێزە تایبەتەکانی ئیتالیا له چوارچێوهی هاوپهیمانیی نێودهوڵهتیی دژی داعشدا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان، جموجۆڵ و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، ڕۆڵی هێزەکانی ئیتالیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی هاریكاری و یارمەتییە سەربازییەکانی ئیتالیای بۆ پێشمەرگە کرد بهتايبهتى لەڕووی مەشقی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانهوه، هەروەها تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی داعش لەو ناوچانەی کە بۆشایيی ئەمنیيان تێدایە.
لای خۆیەوە ئەدمیراڵ بێزۆتی بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەکانی وڵاتەكەی بۆ پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا دووپات كردەوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقی لەو ناوچانەی کە داعش خۆی تێدا حەشار داوە، بە گرنگ زانی.