Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسولی گشتیی هۆڵەندا کۆبووەوە

2022-08-01T10:33:35.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هانس ئەیکەربوم کونسولی گشتیی هۆڵەندا و شاندێکی یاوەری کرد، کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی، سەردانی جێگری سەرۆکیان کردبوو.

بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی کونسولی گشتیی هۆڵەندای لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست، هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی هۆڵەندای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ستایشی هاریکارییەکانی هۆڵەندای بۆ پێشمەرگە كرد.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی هۆڵەندا سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییەكانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد لە كار و چالاكییەكانی و جەختی لە بەردەوامبوونی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی عێراقی بۆ ناوچەکە بە گرنگ زانی.