Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسولی گشتیی هۆڵەندا کۆبووەوە

2023-06-05T15:20:26.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٦/٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یاکۆ بیرێندس، کونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، هەماهەنگی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و کاریگەری لەسەر باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە باره‌يەوە کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کردەوە و ڕۆڵی هێزەکانی هۆڵەندای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، هەروەها تیشکی خستە سەر کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا و هیوای خواست گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان کلیلی چارەسەر بن بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی و ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەڕێز کونسولی گشتیی هۆڵەندا سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگییەکانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراقی بۆ ناوچەکە بەگشتیی بە گرنگ زانی.