ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤/١/١٠ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یاکۆ بیرێندس، کونسولی گشتیی هۆڵەندا لە ههرێمى كوردستان کرد کە کۆڵۆنێڵ بارت کۆینبێرخ، فەرماندەی سەربازیی ڕاوێژكارانى هۆڵهندى له هاوپەیمانیی نێودەوڵەتيی دژى داعشدا، یاوەریان بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندن و پێشهاتە ئەمنی و سیاسيیەکانی عێراق و هەرێمى كوردستان، ئارامی و سەقامگیريی ناوچەکە، هەماهەنگی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان، هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە بەردەواميی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کردەوە، هەروەها گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی كوردستانى بە پێویست زانی لەپێناو دۆخی هەستیاری ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتدا.
سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بەڕێزیان تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگن بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی یەکخستنەوە.
لای خۆیانەوە شاندی میوان، دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاریکاری و برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها یارمەتیدەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیريی عێراق و هەرێمى كوردستان، پاشان ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بەرەنگاربوونەوە و تێکشاندنی داعش بەرز نرخاند و هیوایان خواست گفتوگۆی بەغدا ـ هەولێر ببێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جێگیربوونی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابووری.