ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٩/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بهڕێز ماتی لاسیلا، باڵیۆزی فینلاندا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی فینلاندای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند و سوپاسی پاڵپشتی و هاریکارییە سەربازییەکانی فینلاندای بۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کرد، هەروەها بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولای بە پێویست زانی، بە تایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و فەراهەمکردنی سەقامگیریی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە، سەبارەت بە تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی نێو پرۆسەی سیاسیش، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بنەمای دەستوور، بە تاکە چارەسەر زانی.
لای خۆیەوە بەڕێز باڵیۆزی فینلاندا جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی لە بەرەنگاربوونەوە و تێکشاندنی داعش لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند، هەروەها هیوای خواست کە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق لە ئاست خواستی هاوڵاتیاندا بێت و ببێتە هۆکارێک بۆ جێگیربوونی سەقامگیریی دۆخی ئەمنی و سیاسی.