Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسولی گشتیی فەرەنسا کۆبووەوە

2024-03-15T16:34:32.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٤/٣/١٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان برێم، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر - بەغدا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان، قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و هەماهەنگی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی فه‌ره‌نسا و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت کێشەکانی هەولێر - بەغدا لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکگەیشتن لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، هەروەها پرسی هەڵبژاردن لە کێشە سیاسییەکان جیا بکرێتەوە و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، هەروەها جەختیان کردەوە لە تێوەنەگلانی عێراق لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی کە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری گرتۆتەوە.