ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٤/٧/٢٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان برێم، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکەدا پەیوەندييهكانى فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، تاوتوێ کران.
لە كۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک، جەختی لە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەورەها ڕۆڵی فەرەنسای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاریکاری و یارمەتییە سەربازییەکانیان، بەتایبەتیش مەشق و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە بەرز نرخاند، دواتر تیشکی خستە سەر ئەو خاڵانەی کە گرنگە بۆ پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، هەروەها جەختی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی و لە کەشێکی دیموکرسییانەدا کردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی فەرەنسا، جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە کردەوە، بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەی خولی ئەکادیمی، هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ پرۆسەی چاکسازيی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە نیشان دا.