Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆکی لەگەڵ بەرپرسی ڕاوێژکاری سەربازیی هاوپەیمانان کۆبووەوە

2022-07-06T14:58:34.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٧/٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی ‏کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ بۆڵس، بەرپرسی ڕاوێژکاریی سەربازيی هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تيى دژ بە داعش و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عيراق، ڕۆڵی هێزەکانی ‏هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ‏تاوتوێ کران.‏

بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هاوپەیمانان لە ناوچەكە، هاریکاری و ‏یارمەتییەكانیان بۆ پێشمەرگە، پاڵپشتییان بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی ‏پێشمەرگە بەرز نرخاند، هەروەها تیشکی خستە سەر پەلامار و مەترسییەکانی داعش و لەمبارەیەوە بوونی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عيراقدا بەمەبەستی ‏دوورخستنەوەی مەترسییەکان و جێگیركردنی ئاسایش لەو شوێنانەی بۆشایيی ‏ئەمنییان تێدايه، بە گرنگ زانی‌.

لای خۆیەوە بەڕێز کۆلۆنێڵ بۆڵس، جەختی لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ‏پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە کردەوە و بە گرنگی زانی هەرێمی ‏کوردستان خاوەن هێزێکی نیشتمانيی یەکگرتوو بێت.‏