ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٥/٣١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا کردەوە و ڕۆڵی یەکێتیی ئەورووپای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی جیهان بەرز نرخاند و یەکڕیزی و یەکدەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ زانی بە تایبەت لە دۆخی چەقبەستووی ئێستادا، لەمبارەیەشەوە هەنگاوی جددی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای دەستوور، بە پێویست زانی.
لای خۆیەوە خاتوو ماری پارێ بەردەوامیی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپاى لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی کارای سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان لە کۆکردنەوە و پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هەروەها پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراقی بۆ سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، بەگرنگ زانی.