ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٤/٤/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز میکێلی کامیرۆتا، کونسولی گشتیی ئیتالیا له ههرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیتالیا و کوردستان، لادانی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی ئیتالیای کرد بۆ ئهو هاوکاری و پشتگیرییە سیاسی و مرۆییانەی پێشکەش بە گەلی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات و جەختی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هیوای خواست لە کاتی خۆیدا ئەم پرۆسەیە بەڕێوە بچێت، لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکدا.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی ئیتالیا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەیان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەڕوانێت، هەروەها پاڵپشت دەبن لە برەودان و هەماهەنگیی زیاتری پەیوەندییەکان و کاری هاوبەشی نێوانیان، لەپێناو بەرەوپێشچوون و باشترکردنی دۆخی سیاسی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا.