Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ باڵیۆزی ڕۆمانیا کۆبووەوە

2024-05-29T19:53:43.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤/٥/٢٩، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز ڕادۆ دۆبرێ، باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق كرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە بەردەوامبوون و برەودان بە پەیوەندییەکانی ڕۆمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها یەکگرتوویی و یەکڕیزيى نێوان لایەنە سیاسییەکانی بە گرنگ زانی بۆ تێپەڕاندنی کێشه‌کان، هەروەها گفتۆگۆی نێوان لایەنەکانی نێو پرۆسەی حوکمڕانی بە تاکە چارەسەر زانی بۆ گەیشتن بە کەناری ئارام، لەپێناو سەرکەوتن و پاراستنی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە بەڕێز باڵیۆزی ڕۆمانیا، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گەشەسەندنی هەماهەنگییەکان لە چەند بوارێکی جۆراو جۆردا، هەروەها یارمەتیدەر و پاڵپشت دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.