Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا کۆبووەوە

2024-05-27T09:40:16.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٥/٢٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا و چەند پرسێکی گرنگ و هاوبەش، تاوتوێ کران.

بەڕێز جێگری سەرۆک، بەردەوامیی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستانی بە گرنگ زانی، دووپاتی کردەوە کە برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان خواستی هەرێمی کوردستانە، هەروەها جەختی لە گرنگی و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمى كوردستان کردەوە، لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسوڵی گشتیی ڕووسیا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکه‌ى بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڕوانێت، هەروەها پاڵپشت و بەردەوام دەبن لە هه‌ماهه‌نگى و برەودانى زیاتر به‌ پەیوەندییەکان و کاری هاوبەشی نێوانیان.