Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆک پيشوازی لە شاندێکی رێکخراوی CHDEی ئەرمینیا کرد

2022-09-26T16:36:39.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە به‌ڕێز ڤاگیناک سارگسیان، بەرپرسی ڕێکخراوی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە ئەرمینیا و شاندێکی یاوەری کرد، کە بەڕێز ئارشاک مانوکیان، کونسولی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر و بەڕێز نیازی خالید، جێگری سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین ئامادە بوون.

له‌ دیدارێكدا شاندی میوان تیشکیان خستەر پلانی ڕێکخراوەکەیان و ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان وڵاتەکەیان و هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەمه‌بەستی پاککردنەوەی ناوچە بە مین داڕێژراوەکان و هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکان، هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ خۆپاراستن و دوورکەوتنەوەیان لەو ناوچانه‌ی کە مەترسیی مینیان له‌سه‌ره‌.

لای خۆیەوە بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی هه‌رێمی كوردستان و ئەرمینیا کردەوە و پێشوازی لە پلان و بەرنامەکانی ڕێکخراوی (CHDE) تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مین کرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها هیوای خواست پرۆسەی پاککردنەوەی مین لە هەرێمی کوردستان خێراتر بکرێت تا گیانی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و په‌ره‌ی زیاتر به‌ توانستە تەکنیکییەکان بدرێت بۆ دڵنیایی لە نەهێشتن و کاریگەرییەکانی پاشماوەی مین لە پێناو گەشەسەندنی ژێر خانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.