Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا کرد

2024-02-26T13:40:02.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٢/٢٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا كە بەڕێز جەیمس گۆلدمان، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، چارەسەرکردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، باسیان لێوە کرا.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەریتانیا دووپات کردەوه‌ لە بەرامبەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردن و هاریکارییە بەردەوامەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی دژ بە داعش و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە.

هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکگەیشتن لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، هەروەها پرسی هەڵبژاردن لە کێشە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە و لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، هەروەها جەختیان لە تێوەنەگلانی عێراق لەو شەڕ و ئاڵۆزییه‌کانی ناوچه‌که، كردەوە.