ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٧/١١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز دانیال باربەر، بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا، بەڕێز جێگری سەرۆک وێڕای بەخێرهاتن، پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز باربەر وەک بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا لە هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانیدا بۆ خواست بەتایبەتى بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە بەڕێز باربەر، خۆشحاڵیی خۆی بە كاركردن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و پوختەیەكی لە پلان و بەرنامەی کارەکانی خستە ڕوو، هەروەها بەردەوامیی هاریکاری و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی ديكهى جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو کە بەڕێز کۆڵن لەیک، ڕاوێژکاری سیاسیی و ئابووری لە باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، ئامادەى بوو.