ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٢/٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز سینچۆل لیم، کونسولی گشتیی نوێی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک، پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز سینچول لیم کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سەرەتای پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستان و کۆریای باشووری بۆ کاتی ڕووخانی ڕژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاندەوە کە وەک هێزی (زەیتوون) سوپای کۆریای باشوور ڕۆڵیان لە ئازادکردنی عێراق و کارکردن لە بواری ئاشتیپارێزی و ئەرکەکانی دیکەی پەیوەست بە ئاوەدانکردنەوە، بەتایبەت کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و سێکتەری وزە، هەبوو.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی کۆریای باشوور، سوپاسی بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستان وەکو کونسولی گشتیی وڵاتەكەی دەستبەکار بووە، هەروەها جەختی لە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی کۆریای باشوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکاندا، كردەوە.