ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٥/٢٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو دیوو تایانتواچ، بەرپرسی سیاسیی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.
لە ديدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان ئەمهریکا و هەرێمی کوردستان، بارودۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق، گفتوگۆیان لە بارهيەوە كرا.
بەڕێز جێگری سەرۆک دووپاتیكردەوە لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و خزمەتكردنی زياترى خەڵك و پاراستنی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە، بارودۆخی سیاسیی عیراق وا دەخوازێت پەلە لە پێكهێنانی حكوومەت لەسەر بنەمای بەشداریکرنی کۆی لایەنە سیاسییەکان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بكرێت، هیوايشی خواست لايهنه كوردستانييهكان لە حكوومەتی نوێی عیراقدا بەشدارێكی كارا بن و بە مەبەستی دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، یەكڕیز و يهك گوتار بچێتە نێو گفتوگۆكانهوه.
لای خۆیەوە خاتوو دیوو، سوپاسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی كرد لە بەڕێوبردنی ڕێوڕهسمى ئەفسەرانی كۆلیژی سەربازیی لە قەڵاچوالان بە سەركەوتوویی، هەروەها خۆشحاڵ بوو بەو هەنگاوانەی كە سەرۆكایەتيی هەرێمى كوردستان دەیدات لەپێناو چەسپاندنی برایەتی و یەكڕیزيی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كە تاكە ڕێگەیە بۆ بەهێزبوونی قەوارەی هەرێم و پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا. پاشان بەردەوامیی سیاسەتی ئەمهریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پشتگرییان بۆ پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەركە، دووپات كردەوە.