Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسولی گشتیی تورکیا کرد

2022-08-22T08:23:54.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٢ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هاکان کاراچای کونسولی گشتیی تورکیا کرد، کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی، سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی کردبوو.

بەڕێز شێخ جەعفەر سوپاسی ئەرک و کارەکانی بەڕێز کونسولی گشتیی تورکیای لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست، هەروەها جەختی لە هەماهەنگی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردوولا، کردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی تورکیا سوپاسی پاڵپشتی و هاریكاریی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و جەختی لە بەردەوامبوونی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستانی بۆ ناوچەکە بە گرنگ زانی.