Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە تیمێکی فەرەنسی کرد

2021-08-03T13:31:14.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٨/٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی ماڵئاوایی پێشوازی لە کۆلۆنێل ئەشیل و شاندێکی فەرەنسیی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا باس لە ئۆپەڕاسیۆنە بەردەوامە ھاوبەشەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان دژ داعش کرا کە جێگەی مەترسین بۆ سەر سەنگەر و ھێزەکانی پێشمەرگە، ھەروەھا گفتوگۆ دەربارەی مەشقەکانی پێشمەرگە کرا کە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانه‌وه‌ مەشق و ڕاھێنانیان پێ دەکرێت.

ھەر لە میانی دیدارەکەدا، کۆنێل ئەشیل ماڵئاوایی لە بەڕێز جێگری سەرۆک کرد دوای تەواوبوونی لە ئەرکەکەی و کۆلۆنێل فرانسی بە جێگری سەرۆک ناساند کە وەک بەرپرسی ھێزی تایبەتی فەرەنسی دەستبەکار بوو.

لای خۆیەوە به‌ڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی پێشکه‌ش به‌ بەڕێز کۆلۆنێل ئەشیل کرد بۆ ئەو خزمەتەی به‌ پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستانی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. جێگری سەرۆک هه‌روه‌ها پیرۆزبایی لە بەڕێز کۆلۆنێل فرانس کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەی بۆ خواست لە ھەرێمی کوردستان.