Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک‎ ‎پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی بەریتانی دەكات

2022-09-07T12:44:01.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٩/٧، به‌ڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سه‌رۆکی ‏هه‌رێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز مارشاڵ سامی سامپسۆن ڕاوێژکاری باڵای ‏سەربازیی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و ‏شاندێکی یاوەری کرد کە بەڕێز دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ‏یاوەریان بوو.‏

لە کۆبوونەوه‌یەکدا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کورستان، ‏دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە، مەترسییەکانی ‏داعش و جموجۆڵەکانیان لەو ناوچانەی بۆشاییى ئەمنییان تێدایە، پرۆسەی ‏یەکخستنەوە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، هاریکارییە سەربازییەکانی ‏بەریتانیا و ڕاهێنان و مەشقەکانیان بە پێشمەرگە، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.‏

به‌ڕێز جێگری سەرۆک، هاوكارییە‌ سه‌ربازییه‌کانی بەریتانیای بۆ پێشمەرگە بەرز ‏نرخاند و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ‏بەریتانیا دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها تیشکی خسته‌ سه‌ر دوایین جمووجۆڵەکانی ‏داعش و مەترسییەکانیان.‏

لەم سۆنگەیەوە ڕاوێژی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ ‏سەقامگیریی پرۆسەی ئاشتەوایی و بەرەوپێشچوونی ئیدارەدانی دەوڵەت و ‏بەدیهێنانی خواست و داواکارییەکانی خەڵک، بە گرنگ زانی و جەختی لە پێویستیی ‏عێراق و ناوچەکە بۆ پشتگیری و هاریکارییە سەربازیی و لۆجێستییەکانی ‏هاوپەیمانان کردەوە و گرنگیی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستەوەی پێشمەرگەی لە ‏چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ ئێستا و داهاتوو بە پێویست زانی.‏

لای خۆیانەوە بەڕێز سامی سامپسۆن و شاندی یاوەری، جەختیان لە بەردەوامیی ‏پاڵپشتیی وڵاتەکەیان بۆ پێشمەرگە کردەوە، هه‌روه‌ها خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی ‏و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو ‏بەدامەزراوەییكردن و دروستبوونی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی، بە هەنگاوێکی ‏ئەرێنی و گرنگ زانی.‏