ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/٣/٢٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تیمێکی سەربازیی هێزی تایبەتیی ئەمەریکا بۆ مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەیان سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ههرێمی كوردستانیان کردبوو.
لە کۆبوونەوەیەكدا بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی ئەرک و کارەکانی تیمی سەربازیی ئەمەریکا تایبەت بە مەشق و ڕاهێنانەکان بە پێشمەرگە کرد، هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەربازیی ئەمەریکای لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرد، کە هەمیشە پاڵپشت و هاوکار بوونە بۆ لەناوبردنی تیرۆر و هەڕەشەكانی.
لای خۆیانەوە شاندی میوان ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەرز نرخاند و جەختیان لە بەردەوامسی هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە کردهوه.