Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی ئیتاليا دەکات

2023-11-27T09:42:03.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/١١/٢٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵئاوايى و كۆتاييهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێل مارکۆ یولیانی، کۆماندەری هێزە ئیتالییەکان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتيی دژى داعش و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا بەڕێز جێگرى سەرۆک سوپاسی ئەرک و ماندووبونی بەڕێز کۆلۆنێڵ مارکۆ یولیانی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کاری داهاتوودا بۆ خواست، هه‌روه‌ها وێڕای بەخێرهاتن، پیرۆزبایبی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز کۆلۆنێل لۆکا فلسچ، کۆماندەری نوێی هێزە ئیتالییەکان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتيی دژى داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لای خۆیانەوە شاندی میوان، سوپاسی پاڵپشتی و هاریكاریی لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیان له‌ كار و ئەرکەکانیاندا كرد، هەروەها جه‌ختيان لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.

دواتر بەڕێز جێگری سەرۆک پەیوەندییەکانی ئیتالیای لەگەڵ کوردستان، هاریكارییە سەربازییەکانی ئیتالیاى لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان، دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ڕۆڵی هێزەکانی ئیتاڵیای دژی داعش لە ناوچەکەدا، بەرز نرخاند.