ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/١١/٢٢ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد، کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی سەردانی جێگری سەرۆکیان کردبوو. لە دیدارێكدا بهڕێز جێگری سەرۆک ئەرک و ماندووبوونی بەڕێز کونسولی گشتیی بەریتانیای لە هەرێم بەرز نرخاند بەتایبەت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ووڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوپاسی بەڕێزیانی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کار و ئەرکی داهاتوو بۆ خواستن.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی بەریتانیا بەردەوامیی پەیوەندییەکانی ووڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها ڕۆڵی کارای سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستانی لە کۆکردنەوە و پاراستنی یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرز نرخاند و ستایشی هەماهەنگیی و پاڵپشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسولخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کرد.