Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد

2021-10-19T13:35:30.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێسەممە ٢٠٢١/١٠/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز جەنەراڵ ڕیچارد بێڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.

بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە عێراق و ناوچەکەدا بەرز نرخاند بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دژ بە تیرۆرستانی داعش و مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچەکە، هەروەها ئامادەیی و هەماهەنگیی تەواوی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی له‌گه‌ڵ سوپای عیراق و هاوپه‌یمانان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌کانی، نیشان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بارودۆخی ئەمنی، پلانی هاوبەش و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگه‌ و دروستبوونی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ بە داعش کرا.

بەڕێز جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، پیرۆزباییی بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست هەموو لایەنە سیاسییەکان حکوومەتێک بنیات بنێن کە ڕەنگدانەوەی گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و کارکردن بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەمی کردەوە، هەروەها بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بە پێویست زانی، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوەی تێدا دەدات، لەگەڵ چاودێریکردنی زیاتری سنوورەکان و دەستەبەرکردنی ئارامی و سەقامگیری.