Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسولی گشتیی نوێی ئەمەریکا دەكات

2022-09-05T12:20:56.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٩/٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئیرڤن هیکس جوونیەر، کونسولی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە بەڕێز ئیرڤن هیكس کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پاڵپشتی بۆ سەرکەوتنی ئەرک و کارەکانی نیشاندا، هەروەها جەختی لە پەرەپێدان و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. دواتر تیشکی خستە سەر یەکڕیزی و یەکدەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەرەوپێشچوون و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەشەوە هەنگاوی جددیی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بنەمای دەستوور، بە پێویست زانی.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی ئەمەریکا بەردەوامیی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکای لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە پلان و ستراتیژییەتی کارەکانی كرد و ڕۆڵی کارای سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستانی لە کۆکردنەوە و پاراستنی یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرز نرخاند، هه‌روه‌ها هیوای خواست پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە ئاست بەرژەوەندییەکانی گەلدا بێت و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەی، بەگرنگ زانی.