Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان کۆده‌بێته‌وه‌

2022-09-28T16:51:37.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال کارل هاریس، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتووگۆ، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان، هاریکاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، باسیان لێوە کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی کردەوە کە داعش هەڕەشەی جددییه‌ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، بۆ له‌ناوبردنیشیان پلان و ستراتیژی نوێی سەربازی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق پێویستن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بۆشاییی ئەمنییان تێدا دروست بووە، هەروەها خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەی لەپێناو دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان، بە گرنگ زانی.

شاندی میوان بەردەوامیی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بە داعش و پاراستنی ناوچەکە لە مەترسییەکان، دووپات كردەوە، هەروەها سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشیان بە هۆكارێكی كاریگەر بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە زانی.