Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک و بەرپرسی یەکێتیی ئەورووپا، دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

2021-11-07T13:13:03.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/١١/٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و خاتوو سیمۆن کارلستیتەر ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئه‌منييه‌كانى عیراق و هەرێمى کوردستان، قۆناغەکانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و هەرێمی کوردستان، باسیان لێوە کرا.

بەڕێز جێگرى سەرۆک باسی لە دۆخی هەستیار و کێشە سياسييه‌كانى دواى ده‌نگدان له‌ عێراق کرد و هیوای خواست لەپێناو سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا پەلە لە ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومەت بكرێت، هەروەها هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپای بە گرنگ وه‌سف كرد، جەختيشی لە هاوكاری و هاوبه‌شيى هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا بۆ به‌هێزكردنى دامەزراوه‌كان، كردەوە.

لای خۆیەوە خاتوو پارێ ستراتیژ و بەرنامە و پلانی یەکێتیی ئەورووپای لە عیراق و هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و جه‌ختى له‌ بەردەواميی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستاندا كرده‌وه‌.