Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک ڕۆڵی هێزەکانی فەرەنسای بۆ ناوچەکە بە گرنگ زانی

2022-02-08T15:05:53.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٢/٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆلۆنێڵ ماتیاس، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا لە عیراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی فەرەنسای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەرز نرخاند و دووپاتی كردەوە كە جموجۆڵ و شانە نووستووەکانی داعش بوونەتە مەترسی بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و لەمبارەیەوە جەختی لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزە عیراقییەکان و هاوپەیمانان بۆ چاودێریی زیاتری ناوچەکە كردەوە.

لای خۆیەوە کۆلۆنێڵ ماتیاس ئاماژەی بە پلانی داهاتوو و کاری هاوبەشیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە داعش لە ناوچەکە، کرد.