Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک ئۆپەراسیۆنی هاوبەشى سوپای عێراق و پێشمەرگە بە گرنگ دەزانێ

2021-12-07T13:33:13.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠٢١/١٢/٧، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان دەیڤد ھەنت، کونسولی گشتیى بەریتانیا و چارلی سایکس ڕاوێژکاری باڵای سەربازی بۆ ڕیفۆرمی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عيراق و ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا و ھەرێمی کوردستان، هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە، باسیان لێوە کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵی بەریتانیای له‌ یارمەتییە سەربازی و مرۆییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و بەردەوامیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكانیان لەگەڵ سوپای عێراق بە پاڵپشتيی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بۆ کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەی داعش خۆی تیادا حەشارداوه‌، هه‌روه‌ها بۆ لەناوبردنی تونێل و جبەخانەكانیان، دووپات كردەوە كە ئەو شوێنانەیان کردۆتە سەرچاوەی خۆڕێکخستنەوە و هێرش و پەلامار بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل.

لای خۆیانەوە کونسولی گشتی و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی بەریتانیا لە هەرێم، بەردەوامیی پشتگیرییان بۆ هەرێم و پێشمەرگە دووپاتکردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، کە لە قۆناغی ئێستادا پێویستە هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە خێراتر بکرێت.

دواتر بە مەبەستی ماڵئاواییکردن لە بەڕێز چارلی سایکس و تەواوبوونی ئەرکەکەی لە ھەرێمی کوردستان، بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاس و دەستخۆشی لە بەڕێزیان کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داھاتوودا بۆ خواست.