لە پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورددا، پیرۆزبایییەکی گەرم لە مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد و گشت نووسەر و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هیوادارم مەڵبەندی یەکێتیی نووسەرانی کورد پێگەیەک بێت بۆ بەرەوپێشچوونی گیانی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندنی نووسەری ڕاستەقینە و بە ئەزموون لەپێناو داکۆکیکردن لە زمان و ناسنامە و کولتووری جوانی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی نوێی کوردی.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین كە لە ڕێگای قەڵەمە بوێر و نووسینەکانیان گیانیان پێشکەش بە کوردستان کرد، چونکە ئێمە گەلێکین لەپێناو داکۆکی لە خەباتی پڕ سەروەری و شۆرشگێری و ئازادی و مافی گەلی کورددا خوێنی دەیان کەسانی ڕۆشنبیر و ئەدیب و قەڵەمبەدەستی بوێرمان لە دەست داوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٢/١٠