ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١٢/٢٠ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ ماتیاس، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا لە عیراق و هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
بەڕێز جێگری سەرۆک هێرشەکانی ئەم دواییەی داعشی بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل و گوندنشینانی ناوچە خستە ڕوو و دووپاتی کردەوە کە تیرۆریستان هەمیشە لە هەوڵی نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیریی ناوچەکەدان، بۆیە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە تیرۆر و جێگیركردنی سەقامگیری، بە گرنگ زانی.
شاندی میوان جەختییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هێزە سەربازییەكانیان لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەی داعش لە پێناو سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە، بە پێویست زانی.