ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١١/١٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز پاتریک دۆگلاس، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ئەمەریکا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ ئەمهریکا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق، ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشهکان، بەردەوامیی هاریکاری و یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمهریکا بۆ پێشمەرگە، چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاسی پشتگیری و هاریکارییە بەردەوامەکانی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ناوچەکە بەرز نرخاند، هەروەها پاراستنی ئاسایشی عیراقی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانی.
لای خۆیەوە بەڕێز دۆگلاس جەختی لە بەردەوامیی پشتگیرییان لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كردەوە و تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی ئەمهریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کاری هاوبەش لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیری لە ناوچەکهدا.