Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کۆماندەری هێزەکانی ئیتاڵیا کۆبووەوە

2021-06-27T16:49:29.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٦/٢٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێل ساڤیریۆ ئەمۆرۆسۆ کۆماندەری هێزە ئیتالییه‌کان له‌ هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تی لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە دوایین جموجۆڵەکانی داعش، بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ سەر تیرۆریستان، دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان لە سلێمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک ستایشی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە عێراق کرد کە هەماهەنگ و هاوکار بوون بۆ نەمانی یەکجارەکیی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا، هەروەها دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنانی بۆ پێشمەرگە بە شێوەیەکی ئەکادیمی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بە گرنگ پێناسە کرد، بەتایبەتیش کە ئێستا داعش بۆتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار لە ناوچەکە و ئەو شوێنانەی بۆشاییی ئەمنیان تێدا درووست بووە بۆتە شوێنی حەشارگە و هۆکاری زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکان.

لای خۆیەوە کۆماندەری هێزه‌ ئیتاڵییه‌کان لە عێراق ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی دژ بە داعش بەرز نرخاند و جەختی لەسەر هەماهەنگیی زیاتری سوپای عێراق و پێشمەرگە و پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی کرده‌وه‌، هەروەها بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بۆ سەر بنکە و حەشارگە شاراوەکانی داعش بە گرنگ زانی بۆ نەمان و دوورخستنەوەیان لەو مەترسییانەی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە.