Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی هۆڵەندا کۆبووەوە

2022-04-26T12:38:51.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٤/٢٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی ‏کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز بارت ڤان دێن هوڤڵ، ڕاوێژکاری باڵای سەربازيی هێزەکانی ‏هۆڵه‌ندا له‌ هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تيى دژى تيرۆردا کرد.‏

لە کۆبوونەوەکه‌دا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عيراق، ڕۆڵی هێزەکانی هۆڵەندی لە چوارچێوەی ‏هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، هاریکاری و ‏پشتیوانيی هۆڵەندا بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، ‏تاوتوێ کران.‏

بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هێزەکانی هۆڵەندای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ‏دژى داعشدا بەرز نرخاند و ستایشی دەوڵەتی هۆڵەندای کرد سەبارەت بەو پاڵپشتی و ‏یارمەتییانەی پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکەن بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی ‏پێشمەرگە، هەروەها تیشکی خستە سەر پەلامار و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکەدا. ‏دووپاتيشی کردەوە کە بوونی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عيراقدا گرنگە بۆ ‏دوورخستنەوەی مەترسییەکان و دابینکردنی سەقامگیری، بەتایبەتيش لەو شوێنانەی بۆشایيی ‏ئەمنییان تێدايه‌.‏

لای خۆیەوە بەڕێز ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی هۆڵەندا، جەختی لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ‏پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە کردەوە، چونکە لە ئێستادا گرنگە بۆ هەرێمی ‏کوردستان کە خاوەن هێزێکی نیشتمانيی یەکگرتوو بێت بۆ پاراستن و سەقامگیريی دۆخی ‏ئەمنی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان.‏