Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئیتالیا کۆبووەوە

2022-02-20T06:48:44.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێزان ماریزیۆ گریگانتێ، باڵیۆزی نوێی ئیتالیا لە عیراق و میشێل کامیرۆتە کونسولی ئیتالیا لە هەولێر و شاندێکی یاوەریان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە دوایین پێشهاته‌كانی شەڕی دژی تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مەترسییەکانیان لەسەر سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەیان کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆک، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز گریگانتێ کرد وه‌ك باڵیۆزی نوێی ئیتالیا له‌ عیراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتگیریی كار و پلانه‌كانی نیشان دا و سوپاسی هاریکارییە سه‌ربازییه‌ بەردەوامەکانی ئیتاڵیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد، هەروەها جەختی لە گرنگیی کاری هاوبەشی نێوان هێزەکانی ئیتالیا و پێشمەرگە کرده‌وە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکە.

لای خۆیەوە بەڕێز گریگانتێ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەکو باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی لە عیراق درێژە بە کارەکانی دەدات و جەختی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان کردەوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان له‌گه‌ڵ پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاوپەیمانان لە دژی داعش لە ئێستا و داهاتوو دا بە گرنگ زانی بۆ له‌ناوبردنی داعش لە ناوچەکە دا.