Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئەڵمانی کۆبووەوە

2022-04-19T13:55:02.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٤/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەبەڕێز کۆلۆنێڵ ئالێکساندەر شتومەر، کۆماندەری هێزی ئه‌ڵمانى له‌ هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنیەکانی ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش، یارمەتییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.

بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش لە ناوچەکە بەرز نرخاند و سوپاسی هێزە ئەڵمانیییەكانی کرد بۆ ئەو هاریکارییانەی پێشکەش بە نەخۆشخانەی پێشمەرگەی دەکەن، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو هەنگاو و بەرەوپێشچوونانەی لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە.

شاندی میوان دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاریکارییە سەربازی و لۆجستییەکانیان بۆ پێشمەرگە، هەروەها جەختیان لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق کردەوە بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و کێوماڵکردنی ئەو شوێنانەی کە داعش خۆی تێدا حەشار داوە.