Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک سوپاسی هێزە ئیتالييه‌كان دەکات

2021-07-03T12:43:42.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢١/٧/٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ماڵئاواییکردن پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێل ساڤێریۆ ئەمۆرۆسۆ کۆماندەری هێزە ئیتالییەکان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتيی دژى داعش لە عێراق کرد، هه‌روه‌ها هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێز کۆلۆنێڵ فلیپۆ فابرۆ خواست و بەخێرهاتنێکی گەرمی لێکرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کۆماندەری تازه‌ى هێزه‌كه‌.

لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆک بە ئامادەبوونی بەڕێز مستەفا چاوڕەش فەرماندەی گشتيی هێزەکانی (٧٠) ی پێشمەرگە، کار و چالاکییە سەربازییەکانی هێزە ئيتاڵييه‌كانى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا بەرز نرخاند بەتایبەت لەڕووی پاڵپشتيی بەردەوامیان بۆ هەرێمی کوردستان و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە و دابینکردن و دروستکردنی بنکەی مەشقکردنی تایبەت بە ڕاهێنانی سەربازی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەختیان له‌ هەماهەنگيی زیاتر و برەودان بە توانا جەستەیی و سەربازییەکان كرده‌وه‌، هەروەها بەردەواميى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانانی بۆ له‌ناوبردنى یەکجارەکیى داعش لە ناوچەکە و بەئامانجگرتنی بنکە و حەشارگە و تونێلە شاراوەکانیان و تۆكمه‌کردنی سنوورەکان به‌ پێويست زانى.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ بۆ نەمانی بيرى توندڕه‌وى و تیرۆر، ده‌بێ لە ڕێگەی بەرنامەی جۆراوجۆر بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ئاست ئەو تاوانکارییانەی داعش ئەنجامی دەدات، كارى له‌سه‌ر بكرێت.