Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆک بۆ هەشتی مارس

2023-03-08T09:02:17.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژناندا، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی ‏سەرجەم ژنانی جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتى دەکەم، هیوای ‏بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنیان لە گشت کایەکانی ژیاندا بۆ دەخوازم.‏

بە شکۆوە ئەو یادە دەکەینەوە و ڕێز لە خەبات و ماندووبوونیان دەگرین، لەپێناو ‏نەهێشتنی زوڵم و چەوساندنەوە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ‏یەکسانییان لەنێو کۆمەڵگەدا، چونکە ژنان هەمیشە سیمبولی ئازایەتی و بەرخۆدان ‏بوونە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی گەلی کوردستاندا، هەموو کات بوێری و ‏بیر و بەرەوپێشچوونەکانیان کردۆتە هەوێنی کارەکانیان. گرنگە پاڵپشتیان بین و ‏بواریان بۆ بڕەخسێنرێت بەشداریی کارایان پێبکرێت لە ناوەندەکانی بڕیاردان و ‏دامەزراوەکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.‏

ئەرکی سەرشانی هەموومانە کە ڕێگر و داکۆکیکار بین لە بەرامبەر ئەو ‏توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەكرێت جا لەژێر هەر پاساوێکدا بێت. گرنگە لە ‏چوارچێوەی ئەو یاسایانەی کەوا مافی مرۆڤ بەگشتی تیایاندا پارێزراوە، هەوڵی ‏بنبڕکردنی کولتووری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان بدرێت، لەپێناو چەسپاندنی ‏بنەماکانی یەکسانی و لێبووردەیی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، هەروەها دەبێت زیاتر ‏ڕێز لە ماف و ئازادی و تواناکانی ژنان بگیرێت بۆ ئەوەی ببن بەو وێنە ‏ڕاستەقینەیەی کە لەناو کۆمەڵگەكەماندا بوونییان هەیە.‏

شکۆدار بێت هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان.‏

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ‏٨ی مارسی ٢٠٢٣‏