بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحهوه(سڵاوی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشک و برا مەسیحیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی دەکەم، هیوادارم لە کەشێکی ئارامدا ئەم جەژنە بەسەر ببەن و شادی و بەختەوەری میوانی ماڵەکانتان بێت.
خوشک و برا مەسیحییەکانمان پێکهاتەیەکی دێرینی خاک و گهلی کوردستانن، بە درێژاییی مێژووی ناوچەکە هەمیشە پاڵپشت و هاوکار بوونە لە بەرەوپێشچوون و فەراهەمکردنی سەقامگیریی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ژیانی پێکەوەیی لەگەڵ گشت پێکهاتەکانی تری هەرێمی کوردستاندا. لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان گرنگی بە بەردەوامبوونی گیانی برایەتی و تەبایی و ژیانی پێکەوەییی نێوان گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەدات.
هیواخوازم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک، شەڕ و ماڵوێرانی لە ناوچەکە و گشت جیهان کۆتایی بێت، لەپێناو هێنانەکایەی ئاشتی و گەڕانەوەی ژیانێکی ئارام بۆ جیهانی مرۆڤایەتی.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/١٢/٢٤